بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئیسماعیل بەقاعی بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی ناوچەی سەید زەینەب لە دیمەشقی کرد کە بووە هۆی شەهید بوونی “سەید فەرحان حەسەن ئەلمەنسوور”، زانای موسڵمان و وتارخوێنی نوێژی هەینی مەزارگەی حەزرەتی زەینەب د.خ.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بێزاری قووڵی لەم تاوانە قێزەونە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە کردەوە تیرۆریستییەکان بەرامبەر مەزارگە و زانایانی ئایینی لە سووریا و ناوچەکە بەشێکە لە پیلانی خراپەی ڕژێمی زایۆنی و ئەمریکا بۆ هاندانی فیتنە و دووبەرەکی لە وڵاتانی ناوچەکەدا و هەر بۆیەش زۆر گرنگە هەموو لایەنەکان لە بەرامبەر ئەو پیلانانەدا وریا بن و بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ جێبەجێ بکەن بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕووبەڕووی تیرۆر و توندڕەوی ببنەوە.
ناوبراو وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو زانایە شەهیدە، میللەت و پێکهاتەی زانایانی ئایینی لە سووریا، جەختی لە سەر پێویستی دەستنیشانکردن و سزادانی تاوانباران و دامەزرێنەرانی ئەم تاوانە تیرۆریستییە و هاوکاریی بەکۆمەڵی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ بنبڕکردنی تیرۆر کردەوە.
بەقایی هەروەها جەختی لە بەرپرسیارێتیی حکوومەتی ئینتقالی سووریا کردەوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خەڵک و زانایان و هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئایینی و تائیفییەکانی ئەو وڵاتە.
Your Comment